Skip to the content

پرۆژەی رووناکی گەیشتە یەکەم گەڕەکی شاری سلێمانی

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا وەک قۆناغی ئەزموونی، لە ڕێگه‌ی پرۆژەی ڕووناکیيه‌وه‌، هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتمانيی ٢٤ کاتژمێری بۆ بازاڕی سلێمانی و بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی وەک (ئیبراهیم پاشا، سابوونکەران، دارۆغا، حاجی حان، مەولەوی، جادەی ئۆرزی، سەلیم بەگ و خانەقا) کە زیاتر لە نۆ هەزار هاوبەشی کارەبای لەخۆ گرتووە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر ١٧ گەڕەکی شاری هەولێر کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان لەلایەن پرۆژەی ڕووناکیيه‌وه‌ بۆ دابین کراوە. بەمشێوەیە کۆی گشتی نزیکەی ١٠٠ هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن.
پرۆژەی ڕووناکی لە چالاکیيەکانی بەردەوامە و بەمزووانە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ کۆمەلێک گەڕەکی دیکە لە هەر سێ پارێزگه‌ی هەرێمی کوردستان دابین دەکات و تاوەکوو کۆتایيی ساڵی ٢٠٢٦ کارەبای سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.