وەزیری کارەبا گرنگترین پرۆژەکانی سێکتەری کارەبای نیشتمانی ڕاگەیاند

*لە دیاریكردنی نرخی كارەبا ڕەچاوی باروبژێويی خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكەین و لە بلۆكی یەكەم و دووەم، كە پێداویستيی ماڵێكی مامناوەندە، نرخەكەی لەگەڵ گوزەرانی هاووڵاتیيانی كەمدەرامەت گونجاوە.
ڕۆژى سێشه‌ممه 25ى ئادارى 2025، کەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەریمی کوردستان، بەشداری لە بازنەيه‌كی گفتوگۆ كرد، کە تایبەت بوو بە پرۆژەی ڕووناکی.
له بازنه‌كه‌دا وه‌زيرى كاره‌با گوتارێكى پێشكه‌ش كرد و ڕايگه‌ياند: لە كابینەی نۆیەمدا توانراوە هه‌زار و 840 مێگاوات كارەبای تازە بكەوێتە كار. هه‌روه‌ها وێستگەی 165 مێگاواتی كارەبا، یەكەمین پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، بە ڕێگەی گازی بەفیڕۆچووی بیرەنەوتەكان كار دەكات.
له درێژه‌ى گوته‌كه‌يدا وه‌زيرى كاره‌با ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد كه: له كابینەی نۆیەمدا هەر سێ پرۆژەی كارەبای 29 مێگاواتی، لە گازوایلەوە گۆڕدراون بۆ گازی سروشتی، كە نرخەكەی زۆر هەرزانترە، هه‌روه‌ها توندراوه زیاتر لە 61 هەزار سەرپێچی و زێدەڕۆیيی سەر تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا ڕابگيرێن.
پرۆژەی هایدرۆپاوەری 38 مێگاواتی دێرەلۆك بنیات نرا، كە یەكەمین پرۆژەی كارۆئاوييه، دوای بەنداوی دوكان و دەربەندیخان. لە پارێزگه‌ى دهۆكيش وێستگەیەكى هه‌زار مێگاواتی، كە پێشتر هەندێك لە یەكەكانی بە گازوایل كاریان دەكرد، لە ئێستادا گازی سروشتی بۆ دابین كراوه، كە دەبێتە هۆى ئەوەی بە تەواوی توانای خۆی و بە تێچوونێكی كەمتر كار بكات.
وه‌زيرى كاره‌با زياتر دوا و گوتى: لەم كابینەیەدا لە سێكتەری گواستنەوە كاری زۆر گەورە ئەنجام دراون ، توانیومانه پێكەوەگرێدانی تۆڕی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی ( خەبات - بەردەڕەش، هەولێر - دهۆك، بازیان - ڕاپەرین، سەیدسادق - هەڵەبجە، كەلار - وێستگەی ساڵح و شیروان مەزن، گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ حاجی ئۆمەران) ته‌واو بكه‌ين. هه‌روه‌ها چەندین وێستگەی كارەبا لە پارێزگه‌ی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دامەزرێندران.
هه‌روه‌ها بە داهاتی لە سه‌تا هه‌شتی كرێی كارەبا، تواندراوه 3 هه‌زار و 500 سه‌ت پرۆژە لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبا، بە گوژمەی 235 ملیار دینار ئەنجام بدرێت.
كه‌مال محه‌مه‌د هه‌روه‌ها گوتى: بەسەركەوتوویی پرۆژەی پێوەری زیرەك جێبەجێ كرا، كە بۆ ژێرخانی پرۆژەی ڕووناكيی 24 كاتژمێريی كارەبا گرنگيی ڕادەبەدەری هەیە و تاكوو ئێستا 150 - 160 هەزار هاوبەشی كارەبا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بوونه. بۆ ئەمساڵيش پرۆژەكه لە تەواوی ناوه‌ندى شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە تەواو دەكرێت و لە كۆتایيی ساڵى 2026يش له تەواوی قەزا و ناحیەكان تەواو دەكرێت.
وه‌زيرى كاره‌با تيشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه لە دیاریكردنی نرخی كارەبادا ڕەچاوی بارودۆخ و بژێويی خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكەین و لە بلۆكی یەكەم و دووەم، كە پێداویستيی ماڵێكی مامناوەندە، نرخەكەی لەگەڵ گوزەرانی هاووڵاتیيانی كەمدەرامەت گونجاوە. هه‌روه‌ها گوتى: لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا، تەنیا 350 مه‌تر سێجا گازی سرووشتیمان هەبوو، ئێستا لە كۆرمۆڕ گەیشتووه‌تە 520 مه‌تر سێجا و لە خۆرمەڵەشدا گەیشتووه‌تە 160 مه‌تر سێجا ، واتە 680 مه‌تر سێجا گازی سروشتیمان هەیە و سێ گرێبه‌ستيش بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە تیشكی خۆر واژۆ كراون.