پرۆژەی ڕووناکی گەیشتە چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر

لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی 24 کاتژمێری بۆ گەڕەکەکانی زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە، کە نزیکەی 12 هەزار هاوبەشی لەخۆ گرتووە.
بەمشێوەیە بە کۆی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 22 گەڕەک و نزیکەی 90 هەزار هاوبەش و زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی لەم پرۆژەیە سوودمەند بوونە. هەروەها لە ماوەیەکی نزیکیشدا، یەکەمین گەڕەکی پارێزگەی دهۆکیش کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری.
بۆ زانیاری زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، لە ڕێگەی ژمارە 1992.