کارەبای 24 کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە شەش گەڕەكی دیكەی هەولێر

پرۆژەی ڕووناكی، کارەبای نیشتیمانیی 24 کاتژمێری بۆ شەش گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر دابین دەكات کە بریتین لە گەڕەکەکانی (تەیراوە، مستەوفی، کوورانی عەنکاوە، عەنکاوە، سەڵاحەدین و منارە).
ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر سوومەند بوون لە پڕۆژەی ڕووناکی لە گەڕەکەکانی (شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کووران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی، نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز، ماردین، زانیاری، تەعجیل، عارەبان و منارە). بەمشێوەیەش بەکۆی گشتی تەنیا لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 26 گەڕەک و 346 هەزار هاووڵاتی لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوونە.
پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 415 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 600 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 35 گەڕەکی جیاواز لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بۆ زانیاریی زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای ژمارە 1992 لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک. هێڵەكە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاکوو 9ی شەو بەردەستە.