پرۆژەی ڕووناکيی كارهباى 24 كاتژمێرى بە فەرمی نرخەکانی کارەبا ڕادەگەيهنێت

پرۆژەی نیشتمانيی ڕووناکی، بە فەرمی نرخی کارەبا ڕادەگەيهنێت کە بە شێوەیەک داڕێژراوە ٪80 هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر بدەن بە کارەبا لەو بڕەی پێشتر خەرجییان دەکرد بۆ موهلیدە و کارەبای نیشتیمانی. هەروەها ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران تا 200 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتيی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات لەنێویاندا پاڵپشتيی وەرزی.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پرۆژەی ڕووناکی و نرخی نوێی کارەبای پەسەندکرد. نرخەکان بۆ ماڵان بە شێوەیەک دانراون کەوا (تصاعدی)ـن، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکاربهێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و هاووڵاتی بە تەواوەتی بەرپرسیارە لە بڕی بەکارهێنانی کارەباکەی.
نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بەشێوەی پلەدار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت؛
ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت.
ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.
ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.
ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.
ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.
پرۆژەی ڕووناکی لە هەمانکاتدا نرخی کارەبا بۆ جۆرەکانی دیکەی هاوبەشانی کارەبا ڕادەگەيهنێت کە بەشێوەی جێگێر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەمشێوەیە دەبێت؛
بازرگانی - 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
کشتوکاڵی - 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
پیشەسازی - 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
پیشەسازيی گەورە - 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
میری - 160 دينار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.
بۆ خەمڵاندنی بڕی پسوولەی کارەباکەت بەپێی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا دەتوانیت تایبەتمەنديی بژمێر لە وێبسایتی پرۆژەی ڕووناکی بەکاربهێنت، لە ڕێگهی ئەم لینکەوه؛ كرته بكه