Skip to the content

یەکەکانی وێستگەی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە و کارەبای 24 کاتژمێری دەگەڕێتەوە

بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگه‌داربوون لە بەڕێوەچوونی کارەکان و ئاسایيبوونەوەی دۆخی کارەبا، ئەمڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری کارەبا گەیشتە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم.

وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکان لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ڕێگربوون له‌وه‌ى کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبا ڕووبدات، داواشی لێ کردن گەڕانەوەی کارەبا بۆ هاووڵاتیيان لە ڕیزبەنديی پێشەوە بێت و بەزووترین کات هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی هەر دوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا و داناغاز و سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن بکرێت، هاوکات سوپاسی هاووڵاتیيانی کوردستانی کرد بۆ خۆڕاگرییان لە دژی تیرۆرستان و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کرد.

لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسانیشدا سەبارەت بە پێدانی گرەنتی بە کۆمپانیای داناغاز بە داواکارییەکی ڕەوای زانی و دابینکردنی سیستەمی بەرگريی ئاسمانی بە پێویست زانی.

هەر لەو سەردانەدا وەزیری کارەبا لە وەڵامی ژمارەک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتی: ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و لە ئێستادا یەکەکانی وێستگەی کارەبا بەگەڕ دەخرێنەوە، کارەبای 24کاتژمێری دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایيی خۆی.