وێستگەی مۆبایلی كارەبای ئۆمەراوە لە شارۆچکەی قوشتەپەی پارێزگەی هەولێر کرایەوە
ئەمڕۆ شەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کەسایەتیی سنووری قوشتەپە، وێستگەی مۆبایلی کارەبای ئۆمەراوەی کردەوە.
وەزیری کارەبا لە گوتەیەکدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەم وێستگەیە کردەوە، كە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانیشتووانی شارۆچکەی قوشتەپە دامەزراوە.
پرۆژەکە لە وێستگەیەکی مۆبایلی کارەبا و شەش فیدەر لە وێستگەی ئۆمەراوە بە تێچووی زیاتر لە سێ ملیار و ٦٢٢ ملیۆن دینار پێکهاتووە. هەروەها پرۆژەکە چاككردنەوەی گۆڕەڕی ژمارە سێی وێستگەی گردمەلا لەخۆ دەگرێت، کە چەندان ساڵە لەکار کەوتبوو.
بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە تا دە ساڵی دیکە، كێشەی كارەبای شارۆچکەی قوشتەپە و ٢٢ گوندی ناوچەکە بە تەواوەتی چارەسەر دەکرێت و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان و جوتیارانی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن.