سازدانەوەی بەرچاو لە تۆڕی کارەبای هەولێر ئەنجامدرا بۆ کەمکردنەوەی کێشەی پچڕانی کارەبای زیاتر لە 45 هەزار هاووڵاتی

رۆژی پێنجشەممە، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە لایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی پرۆژەی ڕووناکی، پرۆسەی سازدانەوە و چاککردنەوەی کێبڵەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای سەربەستی، بەکۆتا هات.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوی پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوچەکانی (سەربەستی، منارە، نیشتمان، سێبیران، کانی قڕژاڵە، سمایلاوە، پرۆژەی ئیمپایەر، گوندی ڤیتاڵ، گوندی ئیتاڵی ١، لالاڤ وەیڤی ئاڤینو و MRF).
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا.
تا ئێستا نزیکەی ٤ ملیۆن هاووڵاتی، کە زیاتر لە ٪٥٠ی دانیشتووانی کوردستان پێکدێنێت، لە ڕێگهی پرۆژەی ڕووناکی، کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، سەنتەری هەموو پارێزگهکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین کراوە.