وەزیری کارەبا بەدواداچوونی بۆ پرۆژە و پێویستییەکانی کارەبای شارۆچكهی ڕەواندز كرد

ئەمڕۆ چوارشهممه 8ی تشرینی یەکەمی 2025، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا، پێشوازی لە ئەحمەد قادر، قایمقامی شارۆچكهی ڕەواندز كرد.
لە دیدارێکدا، كە بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوەی كارەبا و كارەبای سۆران ئامادەى بوون، باس لە پرۆژەكانی كارەبا و كێشە و گرفتەكانی كارەبا لە دەڤەرەكە كرا.
وەزیری كارەبا جەختی له گرنگیی دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنان و وێستگەیەكی گواستنەوەی كارەبا كردەوە و هەنگاوی جددی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گرنگە دەگیرێتەبەر.
قایمقامی ڕەواندز سوپاسی وەزیری كارەبای كرد بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی كارەبا لەوانە گەیاندنی كارەبا بۆ پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە و ژمارەیەك گوندی ناوچەكە.
شارۆچكهى ڕەواندز لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چەند پرۆژەیەكی دانانی وێستگەی مۆبایل و ڕاكێشانی تۆڕی كارەبای بۆ جێبەجێ کراوە و لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازیكردن لە پرۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێريی كارەبا.