تیمەکانی پرۆژەی "ڕووناکی" لە ڕانیە دەستیان بە کارەکانیان کرد
لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، تیمەکانی ناوتۆمارکردنی ڕووناکی، لە ڕانیە دەستیان بە کارەکانیان کرد؛ لەو چوارچێوەیە نامیلکەی خۆتۆمارکردنیان لە پڕۆژەی ڕووناکی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کرد.
پرۆژەکە لە فراوانبوون بەردەوامە، تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 ملیۆن هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە، زیاتر لە 3,200 مۆلیدەی تایبەت کوژێندراونەتەوە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاکبوونەوەی کەشوهەوا هەبووە. هەروەها تاکوو ئێستا زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە، بڕیارە تا کۆتاییی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، بەردەستە و هاووڵاتییان لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە 1992؛ سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاکوو 12ی شەو بەردەستە.