Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان: 4 ملیۆن هاووڵاتیی سوودمەند بوون و 3 هەزار مۆلیدە کوژێنراونەتەوە

فارس میرخان بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "پڕۆژەی "ڕووناکی" کە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دادەنرێت، بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت. بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە لە ئێستادا ناوەندەکانی هەموو پارێزگاکانی هەرێم بوونەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. تەنانەت پارێزگای هەڵەبجەش بە تەواوی بووەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری".

فارس میرخان ئاماژەی بەوەشدا، کە زیاتر لە ٤ ملیۆن هاووڵاتیی لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون؛ هاوکات ٣ هەزار و ٢٢٢ مۆلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە، لە هەولێر ٢ هەزار و ١٩٧ مۆلیدە، لە سلێمانی ٦٠٤ مۆلیدە، لە دهۆک ٣٥٦ مۆلیدە و لە هەڵەبجە ٦٥ مۆلیدە کوژێنراونەتەوە. بە کوژانەوەی ئەم مۆلیدانە، ساڵانە ٦٠٠ هەزار تۆن لە دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەمکراوەتەوە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت. بە جۆرێک:
• هەولێر: ٤١٠ هەزار تۆن.
• سلێمانی: ١١٢ هەزار تۆن.
• دهۆک: ٦٣ هەزار تۆن.
• هەڵەبجە: ١٥ هەزار تۆن.

سەبارەت بە فراوانکردنی پڕۆژەکە بۆ قەزا و ناحییەکان، فارس میرخان ڕایگەیاند کە: "ئامادەکارییەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن. لە هەولێر، پڕۆژەکە لە بەحرکە و بەشێکی لە قەزای خەبات دەستی پێکردووە. بڕیارە تا کۆتاییی مانگی ١٠ی ئەمساڵ، ٨٠%ی پڕۆژەی ڕووناکی، جێبەجێ بکرێت و تا کۆتاییی ساڵی داهاتووش لە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بکرێت".