وەزیری کارەبا پێشوازی لە سەرۆکی یەکەی بەڕێوەبردنی قەرز لە پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNDP کرد

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازی لە چينامى یگۆچى، سەرۆکی یەکەی بەڕێوەبردنی قەرز لە پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا وەزیری کارەبا، سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ژاپۆن و ئاژانسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆن (جایکا)، بۆ پشتیوانیی بەردەوامییان لە پڕۆژە گرنگەکانی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەسەر هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ (UNDP) کردەوە، لە ڕۆڵی وەک بریکاری چاودێریی بۆ پڕۆژەکانی قەرزی (ODA)ی ژاپۆن لە ناوچەکە.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی پڕۆژەکانی نوێی وزە، لە هەرێمی کوردستان و تەواوکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئێستا و گرنگیی هاوکاریی تەکنیکی داهاتوو.
لە کۆتاییدا، بەرپرسی (UNDP) تیشکی خستە سەر ئەوەی کە جایکا لە ئێستادا پێداچوونەوە بە پێداویستییەکانی کەرتی کارەبای عێراق دەکات. هەروەها دەستخۆشی لە دامەزراندنی سیستەمی پێوەری زیرەک و كارەبای ٢٤كاتژمێری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە عێراقدا پێشەنگ بوو. هاوكات پابەندبوونی (UNDP) بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتکردن وەک بریکاری چاودێریی بۆ پڕۆژەکانی قەرزی (ODA) ی ژاپۆن، لە عێراق دووپات کردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و بەشداریکردن لە سەقامگیریی گشتیی عێراق کرد.