بانکی ئیسلامی عێراقی بەشداری پڕۆژەی ئی-پسوولە دەکات
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە بەشداریکردنی بانکی ئیسلامی عێراقی (IIB) لە پڕۆژەی ئی-پسوولە ڕادەگەیەنێت.
بانکی ئیسلامی عێراقی دەبێتە حەوتەمین هاوبەش کە خزمەتگوزاری پارەدانی دیجیتاڵی لەڕێگەی ئی-پسوولە چالاک دەکات دوای بانک و جزدانەکانی AsiaPay، FastPay، FIB, NassWallet، ZainCash، و Cihan Bank. ئەمەش دەستگەیشتن بە پارەدانی دیجیتاڵی بۆ هاووڵاتیان بەرفراوانتر دەکات. بەکارهێنەرانی بانکی ئیسلامی عێراقی دەتوانن لە ڕێگەی بەرنامەی مۆبایل و پۆرتاڵی ئۆنلاینی بانکەکە سەکۆی ئی-پسوولە بەکاربهێنن.
وەک پاڵپشتییەک و هاوکارییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، تا ڕێککەوتی 12ی مانگی 3، هەر بڕە پارەیەکی کارەبا کە هاوبەشان لە ڕێگەی سەکۆی "ئی-پسوولە"ـوە بیدەن، ئینجا پارەی ڕووناکی بێت یان قەرزی کۆنی کارەبا، ئەوا ڕێژەی %20 ئەو بڕە پارەیان، لەسەر پسوولەی کارەبای مانگەکانی داهاتوو کەم دەکرێتەوە.
شایانی باسە لە 10ی شوباتی ساڵی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەکۆی ئی-پسوولە'ی ڕاگەیاند بۆ پارەدانی پسوولەکانیان.
ئی-پسوولە سەکۆی فەرمیی پارەدانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە پەسەند کراوە، کە هاووڵاتییان دەتوانن پارەی پسوولەکانیان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بدەن.