Skip to the content

وەزیری کارەبا و شاندێکی باڵای بازرگانی و وزەی ئەڵمانیا، وەبەرهێنانیان لە کەرتی وزە تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی شوباتی ٢٠٢٦، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا، پێشوازی لە ئالبرێشت فۆن ڤيتكه كۆنسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانيا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری وەزارەتی ئابووری و وزە و شاندی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە بەڕێوەبەرانی گشتیی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئابووری و وزەی ئەڵمانیا، ژووری بازرگانی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و بزنسمان و نوێنەرانی گەورەی کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا ئامادەبوون؛ دوا هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کەرتی وزە و دەرفەتەکانی کار و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خرانە بەر باس.

وەزیری کارەبا، وێڕای سوپاسی حکومەت و گەلی ئەڵمانیا بۆ پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان، باسی لە دوا پەرەسەندنەکانی کەرتەکانی کارەبا و نەوت و غاز و دەرفەتەکانی کارکردن لەم کەرتانە کرد.

کۆنسوڵی ئەڵمانیا و شاندە بازرگانییەکە، خواستی وڵاتەکەیان بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش و وەبەرهێنان دووپات کردەوە.