ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
هاوبەشانی کارەبا ئاگەدار دەکەینەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە ڕێگای یاسایی پەسەند کراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، نرخەکانیش دیاریکراون بۆ یەک مانگ حساب دەکرێت، هاوکات پێدانی كرێی کارەبا بە ڕێگەی ئۆنلاین هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافە و ئاسانکاریشە بۆ هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا، کرێی کارەباکەیان بدەن.
سەبارەت بەکرێی کارەباش لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لە مانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر هاتووەتەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بووبێت، ئەوا لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت چارەسەری گرفتەکە دەکەن. ئومێدەوارین هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تاوەکو نەبێتە بارگرانی لەسەریان.
وەزارەتی کارەبا
2026/2/8