ڕێکاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دەگیرێتەبەر
ڕۆژی سێشەممە، ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا و بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕەوشی کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەکانی کرا و وەزیری کارەبا دەستخۆشی لە تیمەکانی پرۆژەی ڕووناکی و کرێکارانی کارەبا کرد؛ کە لە چەمچەماڵ و سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە شەو و ڕۆژ و لە کەشوهەوایەکی سارد و لەبەر باران و لەناو بەفردا، لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بوون.
تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاڵپشتیی تەواوی پرۆژەی ڕووناکی و قۆناغی داهاتووی پرۆژەکە، کە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و وەرچەرخانێکی گەورەیە؛ بۆیە ڕێگا نادرێت بەهۆی سەرپێچییەوە زیان بە پڕۆژەکە بگەیەنرێت و لە مەودوا رێکاری تووند لە بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.