Skip to the content

وەزیری کارەبا پێشوازی لە کونسولی ئیمارات لە هەرێمى كوردستان کرد

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا، پێشوازی لە ئەحمەد حەسەن ئالشحییە، كونسولی گشتیی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی لە هەولێر کرد و له‌ ديدارى نێوانياندا، باسیان لە  پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە هەر دوو کەرتی وزە و کارەبا کرد.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشك خرايه‌ سەر هەنگاوەکانی چاکسازیی سێکتەری کارەبا لە هەرێم و پرۆژەی ڕووناکی، بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و بە پرۆژەیەکی گرنگیان وەسف کرد.

لە کۆتاییشدا، باسیان لە کارەکانی کۆمپانیای داناگاز و هەوڵەکانی پەرەپێدانی کێڵگەکانی گاز و ڕۆڵی ئیمارات لە وەبەرهێنان لە کەرتی گاز و کارەبای هەرێم کرا، هه‌روه‌ها وەزیری کارەبا ئامادەییی وەزارەتی، بۆ ئاسانکاريی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان لە کەرتی کارەبا و وزە پێشان دا.