Skip to the content

وەزیری دارایی: بەپێی داتاکانی بەردەست، لە شاری سلێمانی داھاتی کۆکراوە لە ئاستی پێویستدا نیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باج، سەبارەت بە ھۆکارەکانی سستی لە کۆکردنەوەی داھات و پێنەدانی باج و ڕسومات لەلایەن کۆمپانیاکان و بازرگانان و شوێنە گەشتیاری و ھۆتێلەکان و سەرجەم ئەو سێکتەرانەی کە بە پێی یاسا و ڕێنماییەکان سیستەمی باج و ڕسومات دەیانگرێتەوە، بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکانی سلێمانی کۆبووەوە. 
 لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی داتاکانی بەردەست بەراورد بە سەرچاوەکانی داھات لە شاری سلێمانی ڕێژەی داھاتی کۆکراوە لە ئاستی پێویستدا نیە و ئەوەش ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و پرۆژەکان دەبێت. 
وەزیری دارایی و ئابووری، جەختیشیکردەوە کە ھەموو ھەوڵەکانیان لەو چوارچێوەدایە کە جۆری خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەت بە ھاووڵاتیانی ھەرێم بە گشتی و دانیشتووانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە ئاستێکی بەرزدا بێت. 
لەلایەن خۆیانەوە سەرجەم بەڕێوەبەری باجەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان خستەڕوو و وەزیری داراییش بڕیاری پێویستی لەوبارەوە دەرکرد و بەڵێنی دا بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی باج و داھات چارەسەر بکات.