Skip to the content

وەزیری دارایی چەند بڕیارێک دەردەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲ی حوزەیرانی۲۰۲۲،  ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم، بە یاوەریی یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هه‌بووه‌ لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پڕۆژەکان. 
داواشیکرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بووژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری و یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی. 
ھاوکات سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو و لە کۆتاییدا  ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد کە ئەمانەن :
١- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێ دەکرێت.
٢- بازرگانان ئازادن لە بازرگانیکردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
٣- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
٤-پیاداچوونەوە  دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
٥- پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی (٢٠٢) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.
٦- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دوو بارەبوونەوە هیچ بڕه‌ پارەیه‌ك وەرناگیرێت.
٧- کرێی بارھەڵگرەکانی  مەرزی پەروێزخان ڕێکدەخرێتەوە.
٨- پێداچوونەوە بە کرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالێتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
٩- پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
١٠- لە سەر ڕاسپاردەی  وەزیری دارایی و ئابووری دابینکردنی ٢٠٠ دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی ٢٠٠٠ هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.