Skip to the content

کارئاسانی بۆ زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ۱ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، به‌ ئامانجی لابردنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م جوڵه‌ی بازرگانی، بەشێوەیەکی مەیدانیی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانی بەسەرکردەوە. 
وەزیری دارایی و ئابووری، لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و سەرجەم لێپرسراوانی بنکە مەدەنی و سەربازییەکانی دەروازەکە کۆبووە و گفتوگۆی پێویست لەبارەی گرفت و ئاستەنگەکانی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری و کەمبوونەوەی ڕێژەی داھات لەڕێگەی دەروازەکەوە کرا. 
لای خۆشیەوە، سەرپەرشتیاری دەروازەکە و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە داوایان کرد بە ئامانجی زیاترکردنی داھات و زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی کارئاسانی بۆ ھاوردەکردن و ھەناردەکردنی کاڵاکان و شێواز و نرخی گواستنەوە و ڕسوماتەکان بکرێت. 
هاوكات، وەزیری دارایی و ئابووری، دوای خستنەڕووی ڕوونکردنەوە و ھەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ کۆکردنەوەی داھات و شێوازی دابەشکردنەوەی بۆ مووچە و پڕۆژەکان بەڵێنیدا بە زووترین کات لەگەڵ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسانە بەڕێوە بچێت. 
لە دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ نوێنەری سەرجەم بازرگانانی سنوورەکە کۆبووەوە و نوێنەری بازرگانان سەرجەم گرفتەکانی بەردەم کارە بازرگانیەکانیان خستەڕوو، 
وەزیری دارایی و ئابووری، بەڵێنی ئەوەشی دا، لەگەڵ سەرجەم ئەو وەزارەتانەی کە کاری پێکەوەییان ھەیە لە دەروازەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدەن بە ئامانجی کارئاسانی بۆ زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی و زیاتر بووژاندنەوەی دەروازەکە لەپێناو زیاترکردنی داھات و سوود گەیاندن بە ھاووڵاتیان بە گشتی و بازاڕ و بازرگانان.