Skip to the content

وەزارەتی دارایی و ئابووریی:"زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات"

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەى (14/3/2022) لە چاوپێکەتنێکدا، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (دكتۆر عیزەت سابیر) سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان. هێرشێكی ناڕەوایی كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابو,ری كە گوایە " وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات كە هەرچی داهاتیان هەیە بیدەن بە مووچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری و ئەم پلانەی وەزارەتی دارایی جێبەجێى دەکات بۆ شاردنەوەی پرۆسەی فرۆشتنی نەوته‌ کە نا شەفافە."
بۆیە بە گرنگ و پێویستمانزانى  ئەم ڕوونکردنەوە بدەین بۆ ئەوەى ڕاستیەکان وەک خۆى و بە شەفافانە بەهەموو لایەک بگات:-
1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ئیجبار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە بەڵکو ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەویەتى داوە بە دابەشکردنى مووچە و  باقیاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەر دەست بووە بۆ پێداویستیەکانى تر، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنیەتی دابەشكردنی سیولە و ئەولەویەتى مووچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیولەی دروستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیولانەش كە هی هاووڵاتیان و فەرمانگەكانی حكومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە و کە یاسا ڕێگە بە دەستكاریان نادات. 
2- پرۆسەی نەوت لە دەرهێنانی تا فرۆشتنی لەو ساڵانەدا بووە كە د.عیزەت سابیر پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و حیزبەكەشی بەشداربووە  لە حكومەتدا و هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت  بێ ئاگاداری تیمی(یەكێتی) نەبووە لە كابینەی پێشوو و ئێستاش. ئەگەر هەڵەیەك هەبووبێت لەوێوە دەستی پێكردووە. نەك لە كابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی ئێستا. 
3- وەزارەتی دارایی تەنیا بەرپرس و ئاگادارە لەو بڕە داهاتەی نەوت كە مانگانە دەگاتە ئەژمێری وەزارەتی دارایی و بەس. پرۆسەی فرۆشتن لە هیچ كابینەیەكدا كاری وەزارەتی دارایی نەبووە و ئێستاش كاری وەزارەتی دارایی نییە. تەنیا بۆ زانیاری و سەلماندن بۆ ئەم دوو مانگەی دوایی بڕی داهاتی نەوت كە هاتۆتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و لێی ئاگادارە بۆ مانگى (1) 486 و مانگى(2) 488 ملیۆن دۆلار بووە و بەس . ئەگەر دكتۆر داوای شەفافیەت دەكات هەقبوو پێش ئاماژەكردن بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمی یەكێتی بەشدار لە حكومەتدا ئەم پرسەی تاوتوێ بكردایە، چونكە بە ژمارەی وەزیر و پێگەیان لە پێشەوەن.
4- زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات، بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی هەرچۆن دەستی بردووە بۆ ئەژمێری كەسی و تایبەتی و فەرمانگەكانی حكومەت، كێشەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دەرمانیش هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە. 
تێبینی/ تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ  شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە.