Skip to the content

وەزارەتی دارایی روونکردنەویەک لەبارەی لێخۆشبوونى باجى کۆمپانیاکان دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوای ئەوەى ڕۆژى چوارشەمەى ڕابردوو ڕێکەوتى ٣١ی ئابی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایی و ئابوورى لەگەڵ ژورى بازرگانى سلێمانى کۆبوەوە، دواتر دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابوری بڕیاری داوە ئەو کۆمپانیایانەی ساڵانێکی زۆرە کار ناکەن و سەردانی باجیان نەکردووە تەنیا باجی یەك ساڵیان لێ وەردەگیرێت.
ئێمە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری، سەرلەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە و لە کۆبوونەوەی وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری هیچ بڕیارێکی لەم جۆرە نەدراوە.
هەر بۆیە سەرجەم کۆمپانیاکان بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەرکی کۆمپانیاکانە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن، جا کار بکات یاخود نا.
لە کاتێکدا باج دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا کەوا چالاکی هەبێت و قازانجی کردبێت، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە لەکاتی وەستانی کۆمپانیا پێویستە کۆمپانیا ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجامبدات و راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەش بکات.