Skip to the content

لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا زیاتر لە ١١ هەزار کۆمپانیا و باجدەر سزادراون

بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان دەڵێت، ئەو شوێنانەی سزادراون فێڵیان لە حکومەت کردووە و خۆیان لەباجدان دزیوەتەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ماوەی چوار ساڵدا ١١ هەزار و ٥٩٤ کۆمپانیا و باجدەر بەهۆی فێڵکردن و خۆدزینەوە لە باج سزادراون و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.

د. کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: ئەو کۆمپانیا و شوێن و باجدەرانەی سزادراون لە ژمێرەی ساڵانەیان فێڵیان لە حکومەت کردووە و خۆیان لە باجدان دزیوەتەوە لەکاتێکدا بەپێی یاسا پێویست بووە باج بدەنە حکومەت.

گوتیشی: ئەوانەی سزادراون ئەو شوێن و کەسانەی نەگرتووەتەوە کە داهاتیان نزمە و کار و پیشەکەیان سنووردارە.

هەر بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا ٧٤٧ شوێن داخراون و ١٠٣ باجدەر ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە بەهۆی ساختەکاری و سەرپێچی یاسایی لە باجدان و قەدەخەی گەشتکردن لەسەر ٧٢ باجدەر دانراوە.

لە بەشێکی ئامارەکەدا هاتووە بەهۆی پێشکەشنەکردنی میزانییە لەماوەی یاساییدا ٢٢٤٤ کۆمپانیا سزای دارایی دراون و ٧١٣٥ نامەی ئاگادارکردنەوە ئاڕاستەی باجدەران کراوە و ١٢٦٣ کۆمپانیا و باجدەریش بەهۆی قەرزی باجەوە نیشانەی گلدانەوە لەسەر دۆسیەکانیان دانراوە.