Skip to the content

ڕونکردنەوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەچەند پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن چەند هەواڵێکی چەواشەکارانە سەبارەت بە سستی دابەشکردنی مووچەی چەند وەزارەتێک لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە وەزارەتی دارایی پارەی پێویستی بۆ مووچە نەناردووە بەپێوستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو:

١-هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە بەچەند سلفەیەک کە کۆی گشتی ٢٨٩ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ٪ تێکڕای مووچەی مووچەخۆرانی ئەو سنورە .

٢-کۆی گشتی پارەی پێویست بۆ مووچە لە سنوری سلێمانی ٣٦٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینارە و ئەو کورتهێنانەی دروست دەبێت لە داهاتی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە هاوشێوەی هەولێرو دهۆک.

٣- وەک پێشتریش بڵاومانکردەوە ڕێککەوتن لەسەر پشکی ٥٧ ٪ پشکی لە ٤٣ ٪ وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییە و زۆر دژیەتی، کە پێشتر بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

٤- کێشەی کورتهێنان و کەمبونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەستی پێکردووە، کورتهێنانیش لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە یەک ترلیۆن دینار .

٥- وەزیری دارایی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ چارەسەری کێشە و گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان خستۆتە گەڕ مانگی پێشووتر بڕی ٣٤ ملیار دینار زیاتر لە پشکی سلێمانی لە وەزارەتی داراییەوە ڕەوانەی بانکەکانی سلێمانی کراوە و لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێکی تر بڕی ٢٩ ملیار دینار لە دەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.

لە کۆتایدا پێویستە بوترێت کە کێشەی سلێمانی هەندێک کێشەی بابەتی و خۆییە کە دەکرێت بۆ چەند خاڵێک کورت بکرێتەوە.

١- کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە.
٢-ڕێککەوتنی دابەشکردنی داهات بە ڕێژەی لە ( ٤٣ ٪ ) بە ( ٥٧ ٪ ).
٣- نەمانی پارەی کاش (سیولە لە بانکەکان ).