Skip to the content

وەزیری دارایی: هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە داراییەکانی بەرانبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ ى ئابی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە وەفدێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کرد، کە پێک هاتبوون لە خاتوو زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتی و ئەلێکساندەر بێلا، سەرۆکی یەکەی ئابووریی کونسوڵخانە.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابووری، تیشکی خستە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ڕایگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی داراییی عێراق و دیوانی چاودێریی داراییی عێراق، لە هەماهەنگیی بەردەوامداین و لە ماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هەموو ئەو داواکاریانەی جێبەجێ کردووە کە لە یاساکەدا هاتوون، تیمە هونەرییەکانی هەردوولا بە بەردەوامی لەسەر هێڵن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغدا هیچ بیانوویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم."

زەهرا بێل، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و هیوای خواست حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی، پابەند بن بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئەرکەکانیان بەرانبەر یەکتر جێبەجێ بکەن.

لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە "ماوەی دوو ساڵە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێریی داراییی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و وردبینی لە سەرجەم ئەو داتا و ڕاپۆرتانە کراوە کە هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داهاتە نانەوتییەکان پێشکەشی حکومەتی ناوەندیی کردووە."