Skip to the content

ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ لەچەندین میدیا و کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە. بۆ ڕای گشتی و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوون دەکەینەوە.

١- تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

٢- لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

٣- هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی ڕادەگەیەنین هەروەک پێشتر کردوومانە.

٤- تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە ڕۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە.

٥- بۆ دەستکەوتنی هەواڵی ڕاست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەو هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە ڕاگەیاندن و کەناڵە فەرمیەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن.

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری