Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

لەوەڵامی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق و چەند میدیایەک کە ئاماژەیان بەوە کردووە شاندی هەرێمی کوردستان ژمارەی ناڕاستیان لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێم داوە بە بەغدا.

بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و لێدوانانە ناڕاست و چەواشەکارین، نزیکەی دوو ساڵە پەیوەندیەکی دروست و بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵی ٢٠٢٢ سەرجەم ڕاپۆرتەکانی هەرێم لەبارەی خەرجی و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵیی و هەرێمەوە پەسەند کراون.

ڕۆژی ٢٠٢٣/٧/١٦ تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییان کرد بۆ ئەوەی لە سەر شێوازی ئامادەکردن و پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی مانگانەی تەرازوی پێداچوونەوە گفتوگۆبکەن بەو شێوازەی کە حکومەتی فیدراڵی داوای دەکات، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی پێنج مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ یان بۆ بەغدا ناردووە، لە ٢٠٢٣/٧/٣٠ ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانیان پێشکەش کردووە.

بۆ زانیاری هەموو لایەک دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەهاوبەشی بەرپرسیارن بۆ وردبینی و پەسەندکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، نەک وەزارەتی دارایی. لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ٢٠٢٣/٨/٣ وە شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانن بەمەبەستی وردبینی تەرازووی پێداچوونەوەی شەش مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان.
بۆیە بۆ باشترە ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە پێش ئەوەی قسە لەسەر بابەتێک بکەن پەیوەندی بەلایەنی فەرمییەوە بکەن و زانیاری دروست لەبارەیەوە بەدەست بێنن.