Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری: هەوڵەکانمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی بەردەوامە

ڕۆژی سێشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە شاکر حوسێن، بەڕێوەبەری کاروباری کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەی بوو، تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دوایین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی بودجە و مووچە بۆ شاندی میوان خستەڕوو و ئاماژەی دا کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بە ئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتوو پرسی مووچەی فەرمانبەران لەهەموو کێشە و ململانێیەک دوور بخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای مووچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت و لەو ڕوەشەوە داوای لە کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە ڕێی پەیوەندییەکانییانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان.

لەلایەن خۆیەوە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند : ''توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە و مووچە بە زوترین کات چارەسەر بکرێت. ''

لەتەوەری کۆتایی دیدارەکەدا کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر باسی لەشایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتووە و وەزیری دارایی و ئابووریش پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند :''بەچارەسەربوونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە کێشەی گەورەی ئابوری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانییەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.''