Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری: ڕۆتین و ناشەفافییەتمان لە سیستەمی داراییدا کەم کردووەتەوە

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد .
لە دیدارێکدا تیشکی خستە سەر ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییانەی لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێم ئەنجامیان داوە، وەکوو بواری بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی خەرجی و ڕێکخستنەوەی میلاکات و دامەزراندنی سندووقی خانەنشینی و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچەکانیان و ڕێکخستنەوەی مووچەی پلە تایبەت و پێداچوونەوە بە لیستی کەمئەندامان.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد گۆڕانکاریی باشیان لە سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕۆتینات و ناشەفافییەت بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، لە بواری ڕێکخستن و دەرچونی ڕێنمایی، هەنگاوی گرنگیان ناوە و لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان ڕێنماییەکان دەردەکرێن.
د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ستافی وەزارەت کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاریی باشی ستافەکانیان کردووە، بە پێدانی داتا و زانیاریی دروست لەسەر کارو چالاکییەکانیان، تا لە ڕاپۆرتی خۆیاندا پێشکەشی نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بکەن، گوتیشی نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونیان بۆ چاکسازییەکان کردووە و بە پێویستیشی زانی ئەو چاکسازی و گۆڕانکارییانەی لە ژێرخانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لەم کابینەیە کراون، لە ڕێگەی ئەوانەوە بگاتە نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣