Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی مانگرتووانی کفری دەکات

وەزیری دارایی و ئابووری مانگرتوانی شارۆچکەی کفری بەسەردەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا هەر داواکاریەکی خەڵکی قەزاکە هاتبێتە وەزارەتی دارایی و لە تواناو دەسەڵاتی ئەواندا بووبێت جێبەجێیان کردووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی تەممووزی٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری بەشێویەکی مەیدانی سەردانی شارۆچکەی کفری کردو خێمەی مانگرتوانی بەسەر کردەوە.
وەزیری دارایی ڕایگەیاند ئامانجی سەردانەکەی وەک پشتیوانیەکی مەعنەویە و لەنزیکەوە ئاگاداری داواکاری خەڵکی شارەکەیەو چەند جارێک لە نزیکەوە لەگەڵ نوێنەری چین و توێژەکان دانیشتووەو خۆی بەخزمەتکارو داکۆکیکارێکی سەرەکی جێبەجێکردنی مافەڕەواکانی خەڵکی شارەکە دەزانێت،
ئاوات جەناب نووری پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان دوپات کردەوەو ڕایگەیاند لەماوەی دوو ساڵی ڕابردودا بەبەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار ڕەزامەندی دراوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی شارۆچکەی کفری و کاریش لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریەکانی تری مانگرتوان دەکەن.
لای خۆشیانەوە نوێنەری خۆپیشاندەران و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەو قەزایە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی وەزیری دارایی کرد کە بەردەوام دەرگای وەزارەتەکەی کراوە بووە بۆ گەیاندنی کێشەو داواکاریەکانی خەڵک و هاتنەکەشتان بۆ ناو خێمەی مانگرتوان بەرز نرخاند.
لە کۆتایی سەردانەکەیدا وەزیری دارایی دوپاتی کردەوە لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان و یەکە ئیداریەکانی ناوچەکە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە سەر خەت هێ دەبنڵ بۆ ئەوەی داواکاریەکانی خەڵکی شاری کفری جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت دوای چونە بواری جێبەجێکردنی یاسای بوجەی عێراق.