Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوه‌بەرایەتیى گشتیى بانکە پسپۆڕیيەکانی وەزارەتی داراییەوە

سەبارەت بە ڕێنماییي داراییي ژمارە (٩)ی ساڵی/٢٠٢٣ تایبەت بە وەرگرتنەوەی قەرز و گەڕاندنەوەی پشکی پێشینەی (هاوسەرگیری و خانووبەرە و نیشتەجێبوون) لە دەستەبەر (کەفیل).
پێدانی قەرز و بەدەستهێنانەوەی بە پێی یاسای عێراقی کراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی ڕەچاوی قەیرانی داراییان کردووە و ئاسانکاریی زۆریان پێشکەش کردووە بۆ چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی قەرزەکان و چەند جارێک بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لێخۆشبوونی تەواو کراوە لە هەموو (سزا) کەڵەکەبووەکان و داشکاندنی ١٥٪ بۆ کۆی گشتیی قەرزەکان.
ئەم ڕێنماییە (ڕێنماییی ژمارە ٩) لە بنەڕەتدا بۆ کارئاسانیی خاوەنقەرز و کەفیلەکان دەرچووە و لە بری ئەوەی کۆی مووچەی کەفیلەکە ڕابگیرێت، لەمەودوا تەنها ٥/١ (یەک لە سەر پێنجی) مووچەکەی مانگانە دەبڕدرێت، ئەگەر قەرزدار ئامادە نەبوو لە ماوەی دوو مانگ قەرزە کەڵەکەبووەکانی بگەڕێنێتەوە، ئەو لێبڕینەش بە یاسا و بڕیاری دادگا ڕێک خراوە، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە فەرمانبەرن و بوونەتە کەفیلی هاووڵاتی، تەنیا بۆ سێ جۆر قەرزە کە ئەوانیش قەرزی (خانووبەرە، نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری)یـە.
بە پێی ڕێنماییەکە خاوەنقەرز ناچار نەکراوە لە ماوەی دوو مانگەکە هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەر کەس نەیتوانی لەو ماوەیە قەرزەکە بداتەوە، دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی ڕێک بکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتە کەفیلەکە کە لە مووچەکەی دەبڕدرێت.
بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، هیچ گۆڕانکارییەکی جیاواز و بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە و کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندییەتەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بە پێی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕییەکان دەسەڵاتی لێخۆشبوونیان لە هیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.