Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کرد

رۆژی سێشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد مەولود یاقوت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کورستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر پەیوەندییە ستراتیژی و سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و تورکیا، کە مێژوویەکی قوڵ و دوورو درێژی هەیە و لە ئێستادا لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنانیشەوە بەردەوام لەبەرەوپێشچوندایە.

کونسوڵی تورکیا سوپاسی حکومەت و خەڵک و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەر لەسەرەتای بومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵ ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان بینی لە دابینکردنی کۆمەک و هاوکاری و بەدەمەوەچوونی لێقەوماوانی کارەساتەکە.

محەمەد مەولود یاقوت، ئاماژەشی بەوەدا، کار بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرهێنان و پەیوەندییە بازرگانیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و هیوای خواست دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و بەزوترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

لەبارەی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتۆتە ئاراوە، کونسوڵی تورکیا هیوای خواست بەزوترین کات ئەو گرفتە چارەسەر بێت و لەو ڕووەشەوە ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگیەک.

وەزیری دارایی و ئابووری ڕونیکردەوە کە لە سەر ئاستی باڵای سیاسی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر ئەو بڕگە و مادانەی پرۆژە یاسای بوجەی عێراق کە تایبەتن بەهەرێمی کوردستان.

ئاماژەشی بەوەدا کە وەک شاندی دانوستانکاری هەرێم پێشبینی ئەو کێشە و گۆڕانکاریانەیان نەکردووە ،بەهۆی ئەوەی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس ڕێککەوتنی سیاسی و حکومییان لەسەر بودجە و نەوت کردووە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەدەقی یاسایی چەسپاندووە.

ئاوات جەناب نووری، راشیگەیاند:''تاڕادەیەک نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافە دەستوری و یاساییەکانمان ناکەین و پابەندین بەو ڕێککەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوە و چاوەڕوانین سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی لەو رووەوە ببینێت''.