Skip to the content

وەزارەتی دارایی و ئابووری سوود لە ئەزموونی کۆریای باشوور وەردەگرێت

بە مەبەستی دروستکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، لەژێر ڕۆشنایی و ڕاسپاردەی وەزیری دارایی، وەفدێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی کونسوڵخانەی کۆریای باشووریان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە لایەن چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ کرا.

لە دیدارێکدا باس لە هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی کەرتی ئابووریی کۆریای باشوور و ڕێگاکانی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە کرا و کونسوڵی کۆریای باشوور ئامادەییی خۆیانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ وەزارەتی دارایی، تا بتوانرێت سوود لە ئەزموونی گەشەکردنی ئابووریی کۆریای باشوور وەربگرن.

کۆریای باشوور یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئاسیایە و لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ئابوورییەکەی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە ماوەی ڕابردووشدا تیمێکی باڵای ئابووریی کۆریای باشوور سەردانی وەزارەتی داراییان کرد و سیمینارێکیان لەسەر هەنگاوەکانی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و بڕیاریشە هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لەنێوان وەزارەتی دارایی و کونسوڵخانەی کۆریای باشوور بەردەوام بێت.