Skip to the content

وەزیری دارایی: مووچەخۆران لە پرۆژەى "هەژمارى من" سوودمەندی یەکەمن

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ى ئایارى ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازیی لە تیمی سەرپەرشتیی پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا تیمی "پرۆژەی هەژماری من" کە لە لایەن عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی دەکرێت، تاووتوێی پێشکەوتنی پرۆژەکەیان کرد، کە لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا پرۆژەکە هەنگاوی یەکەم و قۆناغی تاقیکردنەوەی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و توانراوە هەژماری بانکی بۆ ٨٤١ فەرمانبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتانی هەولێر بکرێتەوە و ئێستا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان پێ دەدرێت.

پرۆژەکە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاتر لە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆرە، دەبنە خاوەنی هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیان.

لە بەرانبەردا وەزیری دارایی و ئابووری هەموو پشتیوانییەکی خۆی و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیران تایبەت بە پرۆژەی هەژماری من دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش سوودمەندی سەرەکیی سیستەمەکە دەبن و چەندین خزمەتگوزاری و کارئاسانییان بۆ دەستەبەر دەکرێت".

ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی کابینەی نۆ کە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لە نێوان نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دارایی بەڕێوە دەچێت.