Skip to the content

وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد

ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد.
 
شاندەکە پێکهاتبوون لە ئان مەسون، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابوری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و مایکل لومبەرادو پاشکۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە عیراق.
 
لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر دواین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەدا کە توانیویانە بۆ سێیەم جار داتاو ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی پشت ڕاست بکەنەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بەڕاپۆرتێکی وردو پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.
 
لای خۆشییەوە بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا بۆ نیشاندانی نییەت پاکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.
   
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
لە درێژەی دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری کورتەیەکی لەسەر هەنگاوەکانی پرۆژەی هەژماری من بۆ شاندی میوان خستەڕوو ڕایگەیاند (هەژماری من) پرۆژەیەکی گرنگە بۆ چاکسازی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت و لەقۆناغی داهاتوودا فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە و لەو ڕووەشەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکاریەک لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆتایی دیدارەکەدا پرسی هاندان و پشتیوانی کۆمپانیا بیانییەکان و دابینکردنی شایستەکانیان و بابەتی ڕێکخستنەوەی بانکەکان و ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە بە بایەخەوە گفتوگۆی لە سەر کراو جەخت لە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کرایەوە.