Skip to the content

وەزیری دارای و ئابووری پێشوازی لە ڕاوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.

ڕۆژی سێ شەممە ١٦ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە هيثم الحسنى، ڕاوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی تیمی ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی دارایی لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پەرەسەندنانە کرا کە لەئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد لە ڕۆژی ( ٢٠٢٣/١١/٢٧ ) و سەردانی شاندی هەرێم لەڕۆژی ( ٢٠٢٣/١٢/١٠ ) بۆ چارەسەری کێشەی دەروازە سنوریەکان و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و دواین سەردانیش لە (٢٠٢٤/١/٦ ) بۆ بەغداد ئەنجامدرا، کەئامانج لێی چارەسەری پرسی مووچە و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدان لە ڕێی هەمواری یاسای بودجەوە هاتۆتە ئاراوە.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا بەبایەخەوە باس لە هەنگاوەکانی تیمی هاوبەشی هەردولا کرا بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە هونەری و تەکنیکیەکان لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان. ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند:" محەمەد شیاع سودانی جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی بەتایبەت کێشە دارایی و ئابوورییەکان، وتیشی هەماهەنگی باش لەنێوان تیمە هاوبەشەکان و فەرمانگەکانی هەردولا هەیە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژمێریاری و تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانە".

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند:" هەموو هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خستۆتە گەڕو وەک یەک تیم لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کاریان کردووە تا هەردولا بتوانن بەیەک سیستەمی ژمێریاری کارەکانیان ئەنجام بدەن".