Skip to the content

وەزیری دارایی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئاوات جەناب نوری؛پشتیوانی گەل و حکومەتی فەڕەنسا بۆهەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە جێی بایەخ و پێزانینە

ڕۆژی سێ شەممە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە دکتۆر یان برێم کونسوڵی گشتی وڵاتی فەڕەنسا لەهەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و گەلی فەڕەنسا، و جەخت لەگرنگی و بایەخی ئەو پشتیوانییە کرایەوە کە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا گەل و حکومەتی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان هەیبووە.

لەبەشێکی دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین هەنگاوەکانی گفتوگۆی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق خستەڕوو، ڕایگەیاند: لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە ڕێککەوتون بە جۆرێک پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت و لە هەموو کێشە و پابەندیەک جیابکرێتەوە، دەربارەی دۆسیەی نەوتیش لێکتێگەیشتنی باش بۆ چارەسەری پرسەکە هەیە و هیوادارن بەزووترین کات لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا کونسوڵی فەڕەنسا خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسا دەربڕی و جەختی لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە ئابووریەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردەوە.