Skip to the content

وەزیری دارایی پێشوازی لە کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان كرد

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن کرا و جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی کرایەوە.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد خستە ڕوو، تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند؛ هەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی داراییی عێراق دەکرێت.

وەزیری دارایی ڕوونیشی کردەوە، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی داراییی عێراقەوە هەبوو کە دەستکراوە بە جێبەجێ کردنیان.
شایەنی باسە ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی تایبەت بەو کارە بێ پشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی داراییی عێراق.
لای خۆشییەوە کونسوڵی ژاپۆن پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند؛ هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین بکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی نەکرێت.