Skip to the content

یەکەمین لیستی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی (TBI) کرا

ڕۆژی پێنجشەمە 16ی ئایاری 2024، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، یەکەمین لیستی فەرمانبەران کە لە زانیاریی 368 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەکە بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

جێی ئاماژەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشە بۆ وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویست لە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و دروستکردن و دابەشکردنی کارتەکان، هەروەها چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکی پێدانی زانیاری (RFI)ـە کە لە ڕۆژی 29ی مانگی ڕابردوو بۆ بانکەکەی ناردووە و تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. ئەم زانیارییانە گرینگن بۆ دڵنیابوون لە توانا و ئامادەیی ئەم بانکە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.


وەزارەتی دارایی و ئابووری
حکومەتی هەرێمی کوردستان