کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا سەردانی وەزارەتی تەندروستی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- (د. سامان بهرزنجی) وهزیری تهندروستی و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتی، پێشوازیانکرد لە (کلێمێنس سێمنتنەر) کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری کە لە بەرپرس و ستافی ڕێکخراوی GIZ ئەڵمانی پێکهاتبوون. لە دیدارێکدا ڕەوشی تەندروستی و خۆپارێزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی گفتوگۆی لەسەرکرا بەتایبەتی ڕێکارەکانی بەرامبەر هاووڵاتیانی بیانی و گەشتیاری ڕۆیشت و گەڕاوەی نێوان وڵاتانی ئەورووپا و هەرێمی کوردستان، هەروەها دۆسیەی پێدانی ڤاکسین و خێراتر کردنی ڕێکارەکانی دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسین.
دواتر لە مەڕاسیمێکی وەرگرتنی بەخشینی سەد هەزار تێستی پشکنینی PCR بۆ ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەلایەن ئەڵمانیا و ڕێکخراوی GIZ، وەزیری تەندروستی سوپاس و دەستخۆشی بێ پایانی وڵاتی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی ناوبراوی کرد کە لە ساڵانی ڕابردوو و تا ئێستاش ڕۆڵی گەورەیان لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی دامودەزگاکانی تەندروستی هەبووە و چەندین جار پڕۆژەی گەورە و خێرخوازی جۆراوجۆریان هەبووە.