هاووڵاتیان لە بارەی نەخۆشی كۆلێراوە هۆشیار دەكرێنەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- چوارشەممە، 30ی حوزەیرانی 2021 بەسەرپەرشتی (د. دلۆڤان محمد فاتح جلال) بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر، لیژنەی کۆلێرا کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ئامادەکارییەکانی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە نەخۆشی سکچوونی توند (کۆلێرا)، كە لە دەزگا تەندروستییەكان هاووڵاتیان هۆشیار بكرێنەوە.
هاوكات ئاماژە بە سەرچاوەكان و هۆكاری دروستبوونی نەخۆشییەكە كرا و پێشنیاری پێویست خرایە ڕوو بۆ ئەوەی بتواندرێت ڕێگری لە سەرچاوەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بگیرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستەش باسی هەڵمەتێکی هۆشیاری سەرتاسەری لەسنووری هەولێری پایتەخت کرا تاوەكو هاووڵاتیان لەڕێگەی هەڵمەتە هۆشیارییەکان ئاگاداربکرێنەوە و خۆیان بەدوور بگرن لەو سەرچاوانەی كە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی سکچوونی توند، چۆنیەتی خۆپاراستنیان لەم نەخۆشیە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا كە ڕۆژانە تیمەکانی چاودێری تەندروستی و تیمەکانی ئاو لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی سەردانەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە و زێدەڕۆیانە وەکو سەرچاوەکانی ئاو، ئەو بەروبوومانەی کە لەڕێگەی ئاوی پیسەوە ئاو دەدرێن و ڕێگریان لێ بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو كارەش سزا بدرێن، ئەمەش بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارهكان.
بەڕێوهبەرایەتی تەندروستی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە كاتی هەستكردنیان بە نەخۆشی سکچوونی توند (کۆلێرا) سەردانی نزیکترین دەزگای تەندروستی بکەن بۆ پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر.