Skip to the content

کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د.دلۆڤان محمد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر، پێشوازی لە گەیشتنی کاروانێكی دیکەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جۆری AstraZeneca بەریتانی کرا کە لەلایەن ئاژانسی کۆڤاکسی نێودەوڵەتی لەبەرنامەی هاوبەشی نیشتمانی عێراقی فیدڕاڵ دابینکراوە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەریەک لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ گەیشتنی بڕی 43,800 ژەمی ڤاکسین ڕایگەیاند بۆ پێدانی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەگوێرەی ئەولەویەت و ڕێزبەندی گروپانی مەترسیدار کە بە سیستەمێکی ئەلیکتڕۆنی تایبەت پڕۆسەی تۆمارکردن و دابەشکردن دوای دەرچوونی ڕێگەپێدان و سەلامەتی بەکارهێنان دەست پێدەکات بەپێی دیاریکردنی كات و شوێن بۆ وەرگرتن و نۆرەی پێكوتەكە لەگەڵ بەردەوامبوونی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی زیاتری ڤاکسین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە سوپاسەوە بە پاڵپشتی و بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی بڕی زیاتر بەردەوامە.

هاوكات هۆشداریش درا بۆ خۆپارێزی و پابەندبوونی ڕێنماییەکانی تەندروستی لەکاتی ئێستادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵكشان و تەشەنەکردنی ئەم شەپۆڵەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و داوا کرا سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و مامۆستایانی ئاینی لە وتارەکانیان و ڕێکخراوەکانی NGO هاوکاربن بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی خۆپارێزی تەندروستی لەگەڵ ئامادەکاری بۆ چەندین ڕێکاری نوێ لەلایەن لێژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان.