Skip to the content

بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO ستایشی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كات


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێکەوتى ٢٤/٥/٢٠٢١ى زایینى، د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ د.ئه‌حمه‌د زوه‌یتن بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ـ WHO کرد كه‌ سەردانی هەرێمی کوردستان کردووه‌.
لە کۆبوونەوەی هاوبەش، وەزیری تەندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی پاڵپشتی و هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ـ WHO و تیمی هاوبەشیانی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە پێکەوەکارکردن بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. پاشان به‌ وردی گفتوگۆی زانستی و هونەری لەسەر تەوەرە جیاوازەکان کرا، هاوكات لەگەڵ پێداچوونەوە بە کار و چالاکی و بەرنامە و پڕۆگرامەکانی داهاتوو و پڕۆسەی دابینکردنی ڤاکسێنى دژە ڤایرۆسى کۆڤید ـ ١٩.
بەرپرسی ڕێکخراوی WHO وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ هاتنە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری تەندروستی و تیمی وەزارەت و پزیشکان و کارمەندان و لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو ڕێکار و کارانەی بەرانبەر نەخۆشی کۆڕۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئەنجام دراون.