Skip to the content

وەزارەتی تەندروستی لەسەر پێشێلکردنى مافى نەخۆشەکەى نەخۆشخانەى پار هاتە دەنگ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە هەواڵی ئەو نەخۆشەی کە گوایا دواى نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەى پارى تایبەت لە شارى هەولێر، لەبەر نەدانی پارە هێڵدراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بچێتە دەرەوە و كێشەی بۆ دروست کراوە، گوتى: ڕاستەوخۆ لە لایەن وەزیری تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لێژنەى پشكنین و بەدواداچوون نێردراوەتە نەخۆشخانەکە و سەردانی نەخۆشەکەیان كردووە بۆ ئەوەى بەدواداچوونی وردی ئەو پرسە بکەن بۆ تێگەیشتن لە هۆکار یا زانینى هەر پێشێلکاریەکی مافی نەخۆش.
دواى وەرگرتنەوەى وەڵامى لیژنەکان و لە ئەگەرى بوونى هەر کەمتەرخەمی و سەرپێچیەک، ڕێكاری پێویست دەگیرێتە بەر و ڕای گشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى تەندرووستى هاتووە "بە پێویستی دەزانین هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاگادار بکەینەوە کەوا دەتوانن بۆ هەر گلەیی و داواکاری و سکاڵا و پێشنیارێک، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سندوقەکانی سکاڵاى نێو نەخۆشخانەکان یا لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی هێڵەکانی گەرم بۆ بەدواداچوون و پشکنین، پەیوەندى بە وەزارەتەکەمانەوە بکەن بۆ چارەسەرى کێشەکان بە زووترین کات. بۆ پەیوەندیش هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندى بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بکەن: ٠٧٥٠٨١٦٩٩٩١ و ٠٧٧١٤٤٤٨١٠٠"