وەزیری تەندروستی و شاندی پەرلەمانی ئوردن، سەردانی نەخۆشخانەی مەیدانیی ئوردنییان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، پێشوازیانکرد لە سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی شانشینی ئوردنی هاشمی،
لە سەردانێکی مەیدانیدا شاندی ناوبراو نەخۆشخانەی گشتیی پیرمام و تیمی نەخۆشخانەی مەیدانیی ئوردنییان بەسەرکردەوە، لەمیانی سەردانیان دا، شاندی ناوبراو سوپاس و دەستخۆشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ میوانداری کردنی تیمی پزیشکی ئوردنی و جەختیان لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی پتەوی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئوردن کردەوە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سیستەم و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، لە بەرامبەردا وەزیری تەندروستی ئەم سەردانەی بە گرنگ و خزمەتێکی گەورە وەسف کرد و سوپاسی شاندی ناوبراوی کرد بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیان و هیوای خواست هاوکاری و هەماهەنگییەکان بەردەوام بێت.