لە ئایندەیەكی نزیكدا سێ نەخۆشخانەی دەروونی بۆ ئافرەتان دەكرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، بە یاوەریی بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و كاروباری تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی، پێشوازیكرد لە کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی.
لە میانی كۆبوونەوەیەكدا باس لە دەرئەنجامی كۆتایی تەواو بوونی پڕۆژەی نەخۆشخانەی دەروونی بۆ چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەكانی دەروونی ئافرەتان كرا.
پاشان لە لایەن د. سامان بەرزنجی و كوێستان محەمەد واژۆیان کرد لەسەر ڕێنمایی تایبەت بە کردنەوەی سێ نەخۆشخانە بۆ نەخۆشانی دەروونی تایبەت بە ژنان لە (هەولێر، سلێمانی و دهۆک).
دوا بەدوای واژۆكردنی یاداشتەكە د. سامان بەرزنجی و كوێستان محەمەد لە بارەی ناوەڕۆكی یاداشتەكەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ناوەڕۆكی یاداشتەكەیان خستەڕوو.
خاتوو كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی: هەموو ئەو ژنانەی نەخۆشی درێژخایەنی دەروونیان هەبوو، كە لەسەر شەقامەكان دەبوون، لە لایەن دادوەرەوە زۆر جار ڕەوانەی شێڵتەرەكان یانیش خانەی بەساڵاچووان دەكران، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەركەیسەكانی ئێمە دەبوو، خۆشبەختانە دواجار ڕێزدار جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر كردنەوەی ئەم سێ نەخۆشخانەیە (هەولێر، سلێمانی، دهۆك) هەر بۆیە ئێمەهەمووئامادەكارییەكمان كردوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم نەخۆشخانانە پێكەوە پێشوازی لەنەخۆشەكان دەكەن.
پاشان بەڕێز د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم گوتی: بە سووپاسەوە بەڕێز كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر كردنەوەی ئەم سێ نەخۆشخانەیە دا، وە بودجەی پێویستی بۆ تەرخانكرا و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم نەخۆشخانانە دەكەونە بواری كار و خزمەتكردن.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: ئەم نەخۆشخانانە كێشەیەكی گەورە لە كۆمەڵگەی ئێمە چارەسەر دەكات، هەروەك ڕوونە لای هەمووان مافی ئافرەت وهەمیش تەندروستی ئافرەت ڕەهەندێكی گەورەی هەیە، هەر لە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە. لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین ڕەهەندی گرنگ بۆ ئافرەتان خۆی دەبینێتەوە لە مافی ئافرەت و تەندروستی و پێشخستنی كەرتی تەندروستی.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: لە لایەن وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەی تایبەت بە پیاوان هەیە و چەندین ساڵە خزمەت دەكەن و چەندین نەخۆشیش چارەسەركرا ون.