بە دروشمی "هەسارەكەمان تەندروستیمانە" یادی ڕۆژی جیهانی تەندروستی كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی (د. عبدالرحمن صدیق) سەرۆكی دەستەی ژینگە و (د. کاوە خلیل) بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەندروستی و (د. معاف عبدالکریم) بەڕێوەبەری گشتی دیوان و (نەبەز عبدالحمید) قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و بەرپرسانی پەیوەندار، چاڵاکییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
یادكردنەوەكە بە سپۆنسەری كۆمپانیای غازی عەنتاب ڕێكخرابوو، د. كاوە خەلیل بە نوێنەرایەتی وەزیری تەندروستی وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا ئاماژەی بە گرنگی هۆكاری یادكردنەوەكە كرد كە پێویستە هەمووان كار بكەین بۆ هۆشیاری كۆمەڵگە و تەنها بیر لە چارەسەرییان نەكەینەوە لە كاتی نەخۆشیدا، بەڵكو پێویستە كار بكەین بۆ ئەوەی خۆ پاراستن باشترە لە چارەسەر.
پاشان له وتهیهكدا سهرۆكی دهستهی ژینگه ئاماژهی به پهیوهندیی ڕاستهوخۆی نێوان ژینگه و تهندروستیی كرد كه ههموو پیسبوونێكی ژینگه و گۆڕانكارییهكی نهرێنی له ئاووههوادا دهبنه هۆكاری بڵاوبوونهوهی نهخۆشیی و زیانگهیاندن به تهندروستی مرۆڤ، ئاماژهی بهوهش كرد ژینگهی پاك هێڵی یهكهمی بهرگرییه بۆ پاراستنی تهندروستیی.
هاوكات هەر بەو بۆنەیەوە وەزیری تەندروستی لە پەیامێكدا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەو یادەی بە بیرهێنانەوە و لە پەیامێکدا گوتی:
٧ی نیسانی هەموو ساڵێک دیاریکراوە وەك ڕۆژی تەندروستی جیهانی و تیایدا گرنگی و پێویستی ڕەهەندەکانی تەندروستی بەبیر کۆمەڵگەکان و دەسەڵاتداران و سەرچاوە مرۆییەکانی سیستەمی تەندروستی دەهێنێتەوە، دەرفەت و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لەنێو تاکەکانی جیهان دەهێنێتە بیر و هزری هەمووان و پێمان دەڵێ تەندروستی تەنها خۆپاراستن و چارەسەری نیە لە نەخۆشی و پەككەوتەیی بەڵكو تەواوبوونی جەستەو هزروباری كۆمەڵایەتی مرۆڤ ئامانجی یادكردنەوەی ئەم ڕۆژەیە لە سەرتاسەری جیهاندا. هەر بۆیە جەخت دەكەینەوە کە هۆشیاری تاك بەشێكە لە تەندروستبوونی تاک، بەو مانایەی بیر و بیرکردنەوە و بڕوای تەندروستی تاکەکان خێزان و کۆمەڵگەی تەندروست فەراهەم دەکات. بۆیە لەم ڕۆژەدا زۆر گرنگە بایەخێكی تەواو بە تەندروستی خۆمان بدەین، چونکە بایەخدان بە تەندروستی تاكەكەسی واتە پاراستنی تەندروستی كەسانیتر و بەمەش كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات دەنێین.
لە كات و ساتێكی هەستیاردا جارێکی تر ئەم یادە دەكەینەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دوو ساڵی ڕابردوودا جیهانی خستە دۆخێكی نالەباری تەندروستی. لە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا تاوەكو ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هاندەری خزمەتکردن بووە بە هاووڵاتیان سەرباری دژواری قەیرانەکان و ڕێگا سەختەکان. سەرکەوتن بەسەر دۆخەکە و ئاست بەرزی بەرەنگاربوونەوە و کۆنتڕۆڵکردن نموونەیەکی بەرچاوی ئاستی جیهان و ناوچەکە بوو، لەهەمان کاتدا وانەیەكی گرنگ بوو بۆ هەستكردن بەوەی كە خۆپاراستن زۆر گرنگترە لە چارەسەری. کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە بایەخدان بە سێكتەری تەندروستی و لە پێشینەی كارەكانیدا بووە بە تایبەتی لەکاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوکات لەگەڵ ڕێكارەكانی چاكسازی لە كەرتی تەندروستیدا هەرێمی كوردستان دەگەیەنێتە قۆناغێكی گرنگ بۆ پاراستنی هاوونیشتمانیان لەڕووی تەندروستی جەستەیی و دەروونی.
بەم بۆنەیەوە، سوپاسێكی گەرم و بێ پایەنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دەكەین و دەستی ماندوویان دەگوشین كە لەهێڵی پێشەوەی خزمەتکردن دان و شەونخوون و ماندووبوونیان مایەی سەرکەوتن و سەلامەتی هاووڵاتیانە. لەم دەرفەتشدا جارێکی تر سەری ڕێزو نەوازش دەنوێنین بۆ قوربانیانی ئەم پەتایە بە گشتی و قوربانیانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لە هەمان کاتدا بەڵێن و ئەرکمان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر چاککردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی تەندروستی و ڕەوشی هاووڵاتیان و بەرەوپێشبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. داواش لەکۆمەڵگە نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەكەین كە دەستی هاوكاری و پاڵپشتی و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر درێژبكەن بۆئەوەی لەم قۆناغەدا بە ئاستکی باشتر تێپەڕێنین.
دووبارە ڕۆژی جیهانی تەندروستی بەرز دەنرخێنین و هیوای لەشساغی و سەلامەتی بۆ هەمووان دەخوازین لە کوردستانێکی ئاوەدان.