Skip to the content

وەزیرانی تەندروستی و كشتوكاڵ كۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی کاروباری تەندروستی و پلان و تیمی وەزارەتی تەندروستی، پێشوازیان کرد لە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی یاوەری.
لە کۆبوونەوەیەکدا پێداچونەوە بە یاسا و ڕێنماییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ بە تێروتەسەلی گفتوگۆی لەبارەوە کرا لەگەڵ میکانیزمی خۆپارێزی و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و سەلامەتی خۆراکە سروشتی و کشتوکاڵییەکان و دروستکراوی بەرهەمە ڕوەکییەکان بۆ مەبەستی یەکخستن و پێداچونەوە بە پێناسەی تەندروستی بەرهەمەکان و مەرجەکان و پێداویستیەکانی ڕێگەپێدان بۆ هاوردە و هەناردەکردن و کارە هاوبەشەکانی تایبەت بە پشکنینی بەرووبومە کشتوکاڵی و پەلەوەری و ئاژەڵداری و رووەکی و شیرەمەنییەکان لەنێوان هەردوو وەزارەتدا بەپێی یاساو ڕێنماییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لە دیدارەکەدا کە تیمێکی پسپۆڕ لە هەردوو وەزارەت ئامادەیبوون، بڕیاردرا کۆبونەوەکانی تەکنیکی و هونەری لەنێوان پسپۆڕانی هەردوولا بەردەوام بن لەپێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری کارە هاوبەشەکان و بە بازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان لە بەرووبومی خراپ و ناتەندروست کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت لەگەڵ پێداچوونەوە بە ڕێکاری پشکنینی هاوبەش لە مەرزەکان.