Skip to the content

وه‌زیری ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ تیمێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كۆبۆوه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 14ی حوزه‌یرانی 2022، (د. سامان بەرزنجی) وەزیری تەندروستی و ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی پێشوازیان کرد لە تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی (د. ئومێد سه‌باح) سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕاوێژکاران و سەرۆکی فەرمانگەکانی ئەنجوومەن.
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا كه‌ سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت لە بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی ئامادەیبوون، وەزیری تەندروستی لە ڕاپۆرتێکدا پوختەیەکی ڕەوشی تەندروستی و بەرنامە و پڕۆژەکان و کێشە و گرفت و داواکاریەکان و چەندین باس و پڕۆژە پێشنیار و چارەسەری گونجاوی خستە ڕوو بەمەبەستی گەیاندنی زۆرترین خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە ڕۆڵ و ئەرکی وەزارەتی تەندروستی کرد لە دەستنیشانکردن و داڕشتنی پلانی ستراتیژی و بەرچاوڕوونی بۆ خزمەتگوزاریەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان و چاکسازیکردن لەسیستەمی تەندروستی، تەواوی پاڵپشتی و ھەماھەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەزارەتی تەندروستی دووپاتکرده‌وە لەگەڵ چەندین بڕیاری گرنگ بە مەبەستی ڕەزامەندی و دابینکردنی پێداویستیەکان و جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی تەندروستی ھاووڵاتیان.