ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ ڕای گشتی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دەقی ڕوونكردنەوەی وەزارەتی تەندروستی:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی ...
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی دەرمانێكی ساختە لەلایەن پەرلەمانتارێك بڵاوكرایەوە کە ڕەوانەی داواکاری گشتی کردووە لەلایەن ئەو بەڕێزەوە.
ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیانی خۆشەویست ڕوونیدەكەینەوە، کە ئەم دۆسیەی دەرمانی ساختەیە، هەر بە چاوساغی و چاودێری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی(KMCA) وەزارەتمان، ماوەی نزیکەی ساڵێک بەر لە ئێستا ئاشکرا کراوە و دەستبەجێ ڕێکارەکانی یاسایی و دەستبەسەرداگرتن و ڕاگرتنی کۆمپانیا و لێكۆڵینەوە بەچاودێری دادوەری داواكاری گشتی ئەنجامدراوە و دۆسیەکە تەواو ساغ بووەتەوە، کە دەرمانێکی ناڕەسەن و ساختەیە و ڕەوانەی دادگا کراوە.
بۆیە دووپاتی دەکەینەوە ئەم ڕێکارە نوێ نییە، بەڵکو زووتر جێبەجێ کراوە، ئومێدەواربووین ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە پێش نووسین و قسەکردنی لە سۆشیال میدیا بانگەشەی ئاشكراكردنی بكات، بەدوای ڕاستی و دروستی ڕێکارەکان بووایە کە ئایا لە وەزارەتی تەندروستی هیچ ئیجرائاتێک کراوە یان نا، نەوەک بێ گەڕانەوە بۆ پرسیاركردن بکرێتە بابەتی میدیایی.
هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە کە ئەم كۆمپانیایە و چەند كۆمپانیایەكی دیکە كە كاری ساختەکردنی دەرمانیان کردووە، ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتە بەر و سزای ڕاگرتنی کار و هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا و ڕەوانەکردنی دادگا كراوە، بەتایبەتی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دوای پێداچوونەوە و بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی چاکسازیکردن لە جۆر و کواڵێتی دەرمان و گەڕان وپشكنین و بەدواداچوونی یەكێك لە ئەركە پیویستییەکانی ڕۆژانەی تیمەکان بووە، بێ ئەوەی بکرێتە بابەتی میدیایی و بانگەشەکردن، چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی پزیشکی ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان وەرگیراوە.
وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
1ـی ئاداری 2022